ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کات کاتی ئازادییە” لە دژی کۆمپلۆی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەستان بە دانانی ستاند بۆ کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بە خۆڕایی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشیان کردن
کتێبەکان پێکهاتبوون لە پێنج بەرگرینامەکەی ڕێبەر ئۆجالان کە لە زینداندا نووسیونی، کتێبی ژنۆلۆژی و چەند کتێبێکی دیکە دەربارەی تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان
هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کتێبەکان، چەندین پرۆشەریان بڵاوکردەوە دەربارەی ئامانج و وردەکاریی کۆمپلۆی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەر ئۆجالان، کە تێیدا ڕێبەری گەلی کرد لە وڵاتی کینیا، ڕفێنرا و لە دورگەی ئیمراڵی گۆشەگیر کرا، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پێدەنێینە ٢٢ هەمین ساڵیادی ئەو کۆمپلۆیە
هەڵمەتەکە لەلایەن توێژ و تەمەنە جیاوازەکانی شاری سلێمانییەوە، بەگەرمیی پێشوازیی لێکرا بەتایبەتی لەلایەن گەنجان و ژنانەوە و بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵمەتەکە بەردەوام بێت لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان