نزیکەی مانگێکە ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری لەلایەن هێزێکی دەمامکداری ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و کەسوکارەکەی دەڵێن، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان دەربارەی چارەنووسی پێ نەدراوە
زێرەڤان شوکری برای ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری زەینەدین بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: چەندین جار سەردانی ئاسایشی شیلادزێ-مان کردووە، بەڵام تا ئێستا نە شوێنی زیندانییکردنەکەیمان پێدەڵێن، نە توانیومانە بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ بکەین
براکەی قارەمان شکوری دەشڵێت: ژمارەیەک پارێزەر و دوو پەرلەمانتار کە یەکێکیان عەلی حەمەساڵحە بەدواداچوونیان بۆ چارەنووسی قارەمان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیش بەوان نەدراوە
قارەمان شکوری زەینەدین پیشەی وێنەگر و ڕۆژنامەنووسە و دانیشتووی کۆمەڵگەی سیرێ-یە لە سنووری شیلادزێ، ٢٧ی مانگی یەکی ئەمساڵ لەلایەن هێزێکی ئەمنیی دەمامکدارەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا
پێشتریش دوو جاری دیکە قارەمان شوکری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنووری دهۆکەوە دەستگیرکراوە، کە کۆتاجار زیاتر لە پێنج مانگ زیندانیی کرا، پاشتر قارەمان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: نە بەبڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراوم و نە بەبڕیاری دادوەریش ئازادکراوم